#0072

ئادەمێکی تر لە بەهەشت

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 28 Jun 2026 · 1 خۆله‌كێن خویندنێ · 1 دیتن
ئادەمێکی تر لە بەهەشت

کات درەنگە و چاوەکانم دوو دەلاقەی بێدارین. دەستەکانم وەکوو جەللاد لەم نیوەشەوە تاریکونوتەکەدا، چەقۆیەکیان لە ناوەڕاستی دڵی سێوێک سرەواند. سێوێک، کە دارسێوی سەرڕێگاکەم وەک نوقڵانەی ئێوارەیەکی پاییزی دابوویە دەستم. ناڵەی سێوەکە لە ژێر ددانمدا، وەک دەنگی پێی دێوی ناو چیرۆکەکانی لای کوانووی ئاگردانی دێیەکی دوور دوور دەچوو، دێیەک مەگەر لە شەوێکی وەک ئەمشەودا، ڕێبوارێکی نامۆ لەگەڵ لوورەی ڕەشەبا و کڕێوەدا، ڕێی ون کردبێت و ترووسکاییەک ڕایکێشێتە بەر پەنجەرەیەکی شینی ماڵێکی لەبیرکراو، هات و لەگەڵ خەیاڵمدا وەک کاریلەیەکی بەجێماو لە دەشتێکی کاکی بەکاکیدا، لە بنهەنگڵی نام و بردمی. وەک گێژەڵووکە بە سەر شاخ و دەشت و دەریا و زەریا و گوند و شاردا بردمی. خێراتر لە خشەی هەڵدانەوەی پەڕە بە پەڕەی ڕۆژژمێرە ڕووزەردەکەی زەمەن، هەر گێجی دەدام و تا بەرەو مەملەکەتی یادگەم بردمی.

دێوی خەیاڵ، هەنگاوەکانی نەرم کردەوە و لەسەر نووکی پێیە زلەکانی، هێواش هێواش لە دارسێوێکی قەیرە نزیک بوویەوە، کە هێشتا ناز و عیشوەیەکی عاشقانە، بەسەر کوڵمە ئاڵەکانییەوە مابوو. هێشتا جادووی چاوەکانی بەشی ئەوەی دەکرد، ئادەمێکی تر لە بەهەشت فریو بدات. بێ ئەوەی زاری بترەکێ، منی دانا و خۆی بووە دڵۆپێک ئاو و بە گەرووی دارسێودا ڕۆ چوو.

من و دارسێو ماتومەلوول لە یەکدیمان دەڕوانی. گازەندەمان لە چاوەکانی یەکتریدا تابەتا دەکرد. من قووڵ هەناسەیەکم لە بۆنی ئەو هەڵمژی و پێم گوت:

بۆنت هەر هەمان بۆنەکەی جارانە. چما دەکرێت ئەم بۆنە ئەفسووناوییە منی بەبۆن خستبێت؟ ئەدی چلۆن دەکرێت بەسەر پەنجە نیانەکانی جوانێکی وەک تۆوە، هەرچی داوی گەردوون هەیە هەڵبپێچرێتەوە، تا من نەتوانم پینەیەک بە سیپاڵە شڕەکانی ژیانەوە بدوورم؟ نا، هەرگییز ناکرێت تۆ بووبیت، توولەڕێکانت هەڵپێچابێتەوە، کۆڵانەکانت قەد کردبێت و شەقامەکانت لوول دابێت، پارچە ڕەنگینەکانی کچێنیمت لە سندووقێکی دوڵدوڵی هەزارساڵەدا کڵۆم دابێت. ئەی بۆچی هەردەم گێژەڵووکەی هەناسەکانی تۆ، تا سەر سنووری نێوان بەهەشت و دۆزەخم دەبات؟

ئەو چاوەکانی هەڵبڕی و ڕووی وەرگێڕا. نەبادا زیاتر گازەندەکانی من، ناز و عیشوەی عەیارانەی بشێوێنن. چاوی بڕییە بەهارێکی دوور دوور. ئەو بەهارەی، کە ئەو هێشتا نەونەمامێک بوو، دەیان هەڵاڵەی پەمەیی دابوو لە پرچە لوولەکانی. وەک کیژێکی تازەهەڵاتوو، بە نازێکی پڕ لە شەرمەوە لەچواردەوری خۆی دەڕوانی.

پێی گوتم:

بەڵێ، بۆنم هەر بۆنە نەفسووناوییەکەی جارانە و بەری جوانیم شیرینی سەرزاری ژیانە. من ئەو درەختەم بە گەواهی مانگ و ئەستێرەکان، لە پێش چاوی زەوی و ئاسمان، لە بەردەم عەرشی خودا و لە بەر چاوی فریشتەکان، لە بارتەقای هەموو بەهەشتدا، ئادەم ڕەدووی جوانیم کەوت. گەر من نەبام، ئێستا گورگ زەوی بە قەپاڵێک خواردبوو. من بووم خوێنی دڵم کردە خەنەی پەنجەی شەوی خەنەبەندانی بووکی ژیان. ئێستاش بۆنم، بۆنی هەناسەکانی نەمرییە و هەر درەختە سەرکەشەکەی جارانم.

ئەو هەر دەدوا و منیش بەشوێن نیگاکانیدا، سەفەرم کردەوە بۆ ئەو بەهارە دڵتەڕەی، کە نەمانە سێوە تازە هەڵاتووەکان، بە عەزییە شیفۆنە پەمەییەکانیانەوە، سەمای بالێیان دەکرد بۆ کەرنەڤاڵی عەترباران.

بە کۆڵانێکی تەنگدا تێپەڕیم. لە بری ئانیشک و سەر ئەژنۆکانم، ڕۆحم ڕووشا. بەهێواشی دەروازەی حەوشەکەم واز کرد و بەخشکەیی چوومەوە ناو ئەو چرپایەی، کە هێند پیر بووبوو، وەخت بوو ببێتە بەرد.

چاوەکانم تاوێ گەرم بوون. نازانم ڕاستی بوو یا خەو، کاتێک پۆلێک شەمشەمکوێرە، ساپیتی ژوورەکەمیان تەنی و کۆشێک هەڵاڵەی سێویان بەسەرمدا باراند. گوێم لە ورتەورتی لێوەکانی داپیرەم بوو، بە چرپە گوتی:

خودایا بە خێری بگێڕیت!

هێواش لەژوور سەرمەوە دانیشت و ئەژنۆکانی لە باوەش گرت. لەبەر خۆیەوە وێردەکانی دەخوێند و نیازی بوو بە فوویەک لە شووشەی فورقاندا، بۆ هەتا هەتایە لە تاقی ژوورە زەردهەڵگەڕاوەکەدا هەڵم گرێت.

کە چاوەکانم کردەوە، زۆر درەنگ بوو. ئیدی تەرمی منداڵێک درابوو بە کۆڵمدا، کە خەونەکانی بە چرپاکە سپاردبوو.

بە پەلە هەڵهاتم، دەڕۆیشتم و تریقەی پێکەنینی نەمامە سێوەکان لە گوێچکەمدا دەزرگایەوە. هەڵدەهاتم و ئاوڕم لە کەس نەدەدایەوە. نە لە داپیرە و نە لە شووشە و نە لە خەونەکانیشم. بە کۆڵان و شاقامەکاندا تێدەپەڕیم، دەشت و دەر و کێو و ڕووبارەکانم تەی دەکرد.

پێیەکانم زۆر ماندوون بوون، ماندووی ڕێگا یەکئاڕاستەکان، ماندووی کۆڵانە داخراوەکان، ماندووی تەنیایی، ماندووی جووتێ کەوشی تاکەوتاک. تاکێکیان هێندە تەنگ بوو بە پێم، پەنجەکانم وەکوو کیسەڵ، سەریان لە قاوغە ڕەقەکەی خۆیاندا حەشاردابوو. تاکەکەی دیکەیان شەق بوو بە پێم، هێندە شەق بوو، پێمی شەقار شەقار کردبوو. لەگەڵ هەڵهێنانەوەی هەر هەنگاوێکدا، دەتگوت چەپڵەی شاربەدەرکردنم لەدوو دەکوتن.

هەڵدەلەرزیم، پەنجەکانم ڕچابوون و خەونم بە باوەشێک خۆرەوە دەدی.

خەڵکی دووراودوور، مەست مەستێ لێیان دەڕوانیم، مەستی بێویژدانی. هاوارم دەکرد:

هۆ خەڵکینە! شانەکانم کووڕ بوون، وەرن ئەم تەرمەم لێ بگرن! تا دێت باسکەکانی توندتر لە ملم دەئاڵێنێت و چنگەکانی لە گەرووم گیر دەکات. باشە ئەم خەڵکە لە ئەزەلەوە نابیستن یان هەموو لەژێر بارانی بێڕەحمیدا خووساون؟

زەمەنێک ڕۆیشتم، تەرمەکەی کۆڵم گەورە بوو، باسکەکانی درێژتر، چنگەکانی تیژتر و پرچەکانی ئاڵۆسکاوتر، کەچی هێشتا کەس نەیدەبینی.

وەک دەرۆزەکەر ماڵە و ماڵم دەکرد. سەیرم دەکرد بە بۆیاخێکی ڕەشی تێر، لەسەر دەرگا ژەنگاوییەکانیان نووسرابوو: « ئەم ماڵە زەمەنێکە لە میهرەبانی چۆڵ کراوە.»

چارم نەما، دەبوو بگەڕێمەوە. دانە بە دانەی شوێنپێکانی خۆم هەڵگرمەوە. دەبوو بگەمەوە بە خاڵی سەرەتا، بۆ لای داپیرە. دەبوو تەرمەکەم بە تەنیشت خەونەکانییەوە لەناو چرپاکەمدا بنێژم و خۆم بە تەنها هەنگاوێکی نوێ هەڵبهێنمەوە و ڕێگایەکی نوێ بدۆزمەوە.

بە ڕێی خۆمدا گەڕامەوە، تا گەیشتمەوە بە کۆڵانەکە. بینیم ئەو لە جاران غەمگینتر و پیرتر و دەستەکانی زبرتر و ئەژنۆکانی لەرزۆکتر بوون. ماڵەکانم لێک جودا نەدەکردنەوە، دەرگاکان و دەلاقەکان باوەشیان بە یەکدیدا کردبوو و هەڵوەریبوونە ناو گۆمی فرمێسکی کۆڵان و چووبوونە خەوێکی ئەبەدییەوە.

خۆم کرد بە مێژووی ماڵێکی نامۆدا، هیچم نەدەناسییەوە، دارهەنارەکە نەبێت، قنج و قیت بە پێوە وەستابوو. بە پرتاو خۆم لە ئامێزی ناو تێر ماچم کرد. مرواری فرمێسکەکانم هۆن هۆن هەڵوەرینە بەر پێی. بە گوێیدا چرپاندم:

دارهەنارە ئازیزەکە! گەلێک ماندووم، ماندووی ڕێگایەکی نەبڕاوە. بەستەڵەکی تەنیاییم بشکێنە و موتوربەم کە لە خۆت! با ڕەنگی چاوم لە ڕەنگی گەڵاکانت بێت و گوڵەکانت هەوێنی خەونە ڕەنگاڵەییەکانم بن! ئەم تەرمەی کۆڵم لێ بگرە و بهێڵە لە نێو باسکەکانی تۆدا، وەنەوزێک بدەم!

لەوێوەڕا چاوەکانم قووڵ چوونە خەو. تا لە ئێوارەیەکی ڕۆژی نەورۆزدا، لەنێو دەستەکانی دارهەنارەکەدا سەوز بوومەوە. هەر ئەو کاتەی، کە ئەو بە ورشەی کراسە سەوزە کاڵەکەیەوە، بە پەنجە باریکەکانی، پرچەکانی بۆ شانە دەکردم و وەخەبەری هێنامەوە. زەردەخەنەی سەر لێوەکانی ئەو، بووە یەکەمین تابلۆی ڕەنگاوڕەنگی هەڵواسراوی سەر دیواری دڵم. کاتێک پێی گوتم:«چاو هەڵبڕە! ئا لێرەوە خۆری ژیانت هەڵدێت.»

ئه‌ڤى بابه‌تى به‌لاڤ بكه‌ ژماره‌یا ژێده‌رى: #0072
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

كۆمێنت (0)

هێشتا چو كۆمێنت نینن