زاماری لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نوگرە سەلمان
ڕێزان، وە زاماری لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نوگرە سەلمانا وەجێما
«دوو جۆرە بێدەنگی هەیە. یەکێکیان پێش مردن و ئەویتریان دوای ئەوەی مردن ناتبا.»
نەمگەرەکو بمرم. بەڵام نەیشمگەرەکو ڕاکەم.
کە دەسڕێژی گولەکانمان لێکریا، وامزانی ئیتر تەواو بووین. بەڵام تەواوبوونەکەمان زۆر هێواشو. وەکو بینینی ئاسمان لە بەینی پەنجەکانمانۆ واو. وەکو خوێنی ناو لمو.
براکەم، کە وام ئەزانی شاخ و کێوێکی بچکۆلەیە، ناڵانی و کەوتە بانما. هەستم وە قورساییەکەی کرد. گەرمایی لاشەی دوایین چتو ئەیوەسام وە دونیاوە.
کاتێ وتی "با بڕۆین"، بزەیەکم بۆ کرد. حەزم نەکرد پێی بێژم: هەردوو قاچم شکیاون. هەستمەکرد پەراسووەکانم ئێژی شووشەی بلووری چران. ناتوانم.
ئینجا پێموت: "ئەکەونە دوامان"
گەرەکمو بۆ دواجار ئاگەم لێیوێ و بیپارێزم. سەیرمەکرد پێچی ئەخوارد و خۆی خشاند. وەکو کرمێک وە ناو بادا. من دوعام کرد کە بیابان، هەر وە تەنیا، بەرامبەر کوڕێک، بۆ ساتێک دڕندەیی خۆی لەبیر بچێتۆ.
لە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا
ئینجا تاریکایی داهات. مردن نەو. بەڵام چتێکی نزیکو لێی.
گۆڕ هەر تەنیا چاڵێ نییە. هەناسە ئەدا. وە زوانی ئێسقان قسە ئەکا. بۆنی ئەو زوانانەی لێ تێ کە گوم بوونە. دەوروبەرم پڕی ئەو دایکانەو کە مناڵەکانیان گرتووە باوەشیان، ئەو پیاوانەی دەمیان کریاووە و دوعاکانیان تەواو نەکردووو.
بڕێ جار لە سەرۆ و لە درزی لمەکانۆ ئەستێرەکانم ئەبینی. وا ئەهاتە خەیاڵما ئەوانە چاوی خوان.
شەوێکیان هەستم کرد ڕێوییەک بۆن وە گۆنامۆ ئەکات. قەپی لێ نەگرتم. هەر هەوڵەقم بوو. دواییش ڕۆیی. لەوانەیە زانیبێتی کە من ئیتر سەر وەم دنیا نیم.
كۆمێنت (0)
هێشتا چو كۆمێنت نینن