کەرکووک لە نێوان ناسنامە و هەوڵەکانی تەعریبدا
ئەو گۆڕانکارییەی کە لە خیانەتەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە کەرکووک ڕوویدا، تەنها گۆڕانکارییەکی سەربازی نەبوو، نەخێر بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو کە کێشەی ئەو شارەی دووبارە کردەوە بە کێشەی نێوان ناسنامە و دەسەڵات. کەرکووک، ئەو شارەیە کە لە مێژوودا نەک تەنها ناوچەیەکی گرنگی ئابوورییە، بەڵکو بە بەردەوام هەوڵدراوە بۆ تەعریبکردنی و بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕێژەی پێکهاتەکان لەو شارە.
لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا، سیاسەتی تەعریب بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی جێبەجێ کرا؛ کورد بە زۆرملێ لە شوێنەکانیان دەرکران، و خێزانە عەرەبەکان هێنرانە شوێنیان و هەموو ماف و ئیمتیازاتێکیان پێدرا. ئەم پرۆسەیە نەک تەنها گۆڕانکارییەک بوو لە دانیشتواندا، نەخێر بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئەو شارە.
دوای ٢٠٠٣، هیوایەک هەبوو بۆ چارەسەری ئەو بابەتە لە ڕێگەی دەستوورەوە، بە تایبەتی ماددەی ١٤٠ کە باس لە "ئاساییکردنەوە" و گەڕاندنەوەی هەموو مافەکانی کوردی ڕەسەنی ئەو پارێزگایە دەکات. بەڵام بەداخەوە ئەو ماددەیە هیچ کاتێک بە تەواوی جێبەجێ نەکرا و ئێستایشی لەگەڵدابێت وەک پێویست کاری پێناکەن.
بارودۆخی کەرکووک لە دوای ٢٠١٧
لە دوای ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بارودۆخی شاری کەرکووک بە شێوەیەکی جیاوازتر گۆڕدرا. لە ڕووی فەرمییەوە، سیاسەتی "تەعریب" دووبارە دەستی پێکردەوە و بە دەیان خێزانی باشووری عێراق لە ڕێگەی حیزب و هێزە چەکدارە میلیشیاکانی سەر بە ئێران نیشتەجێ کران. دوای ئەو خیانەتە مەزنە، چەندین پلە و پۆستی ئیداری لە خەڵکی کورد وەرگیرانەوە و عەرەب و تورکمان لە شوێنیان دانران!
گومانی تێدا نییە ئەو هەوڵە شۆڤێنییە بۆ لاوازبوونی ڕۆڵی کورد لە دامەزراوەکاندا، و گەڕانەوەی هەندێک خێزانی عەرەب بە شێوەیەکی نایاسایی، ئەمانە هەر هەموویان بەشێک بوون لە پرۆسەیەکی نوێ. ئەمە تەنها کێشەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کێشەیەکی نادادپەروەرانەیە؛ چونکە گەڕاندنەوەی هەر خێزانێک دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بێت و هاوسەنگ بێت لەگەڵ گەڕاندنەوەی زیاتر لە بیست (٢٠) هەزار خێزانی کورد ک گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، ئەو چەندەیش گەرەکە بپارێزرێت. ئەگەر نا، ئەوە دەبێتە شێوەیەکی "تەعریب" کە بە بێ ڕاگەیاندن جێبەجێ دەکرێت.
هەنگاوەکانی ڕێگریگرتن لە پرۆسەی تەعریب
پرسی ڕاگرتنی "تەعریب" لە کەرکووک و ناوچەکانی تری کوردستان، تەنها پرسی ناسنامە نییە، بەڵکو پرسی سیاسی، یاسایی و دیموگرافییە:
• یەکەم: پێویستە کورد یەکگرتوو بن. لەبەر ئەوەی ناکۆکی ناوخۆیی لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵانەی کە دژایەتی کوردی پێدەکرێت، بەهێزترین هاوکارە بۆ زیاترکردنی پڕۆژەی تەعریب.
• دووەم: پشتیوانی لە سیستەمی یاسایی بکرێت، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، کە چارەسەری کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستنیشان دەکات.
• سێیەم: دانیشتوانی کورد لەو ناوچانەدا پێویستە بگەڕێنرێنەوە و پاڵپشتی مادی و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت، چونکە بە چۆڵکردنی ناوچەکان ڕێگە خۆش دەبێت بۆ گۆڕینی دیموگرافی.
• چوارەم: کارکردن لەسەر هۆشیاری نیشتمانی و پاراستنی زمان و کەلتوور گرنگە، چونکە "تەعریب" تەنها گۆڕینی خاک نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا گۆڕینی ناسنامەیە.
• پێنجەم: پێویستە هەوڵێکی دیپلۆماسیی چالاک هەبێت بۆ گەیاندنی ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی فشار دروست بکرێت لەسەر ئەو لایەنانەی کە پڕۆژەی "تەعریب" بەڕێوە دەبەن.
دەرئەنجام
بەهەر حاڵ، ئەگەر کورد لە ناوخۆدا یەکڕیزیی نێو ماڵی خۆیان نەپارێزن و بەهێز نەبن و ستراتیژییەکی تۆکمە و ڕوونیان نەبێت، ئەوا بێشک "تەعریب" بەردەوام دەبێت؛ بەڵام یەکگرتوویی، یاسا و هۆشیاری دەتوانن ڕێگری لەو پڕۆژەیە بکەن.
كۆمێنت (0)
هێشتا چو كۆمێنت نینن