دوایین مامۆستای کوڵەجۆ
مامۆستای قوتابخانەی یەکێک لەو لادێیانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا وێرانیان کرد
تەختەڕەشەکەیان سووتاندم، بەڵام ئەلفبێ و هەموو پیتە کوردییەکان لە ناو گەرووما ئەژین
وانەم بە سی مناڵ ئەوتەوە، لە ناو ژوورێکا لە قوڕ و ڕووناکی دروسکرابوو.
دیوارەکانی لە زستانانا شەقیان ئەبرد و لە کاتی بارانیشا بنمیچەکەی تکەی ئەکرد.
بەڵام ئااای، ئەو کاتەی فێری نووسینی یەکەم پیت ئەبوون، نازانن چۆن چۆنی چاوەکانیان بریسکەیان ئەهات و وەکو ئەستێرە ئەدرەوشانەوە.
تەنیا سێ کتێبمان هەبوو. تەباشیرێک. تەختەڕەشێک.
لە خواردن زۆرتر، برسێتییان هەبوو.
بەڵام هەموو بەیانیانێک ئەهاتن. هەندێکیان بە پێی پەتی. بڕێ تریشیان بە شەرمەوە.
بە کوردی قسەمان ئەکرد.
لەسەرخۆ. بە وریاییەوە.
چونکە ئەو ڕۆژگارە ئەکرا ئەوەیش تووشی مەترسییەکمان بکا.
ڕۆژێکیان ئەفسەرێکی ئەمن هات.
جێبێ سەربازیشی لێل خۆیا هاوردبوو. پێی وتم:
لەمەولا کوردی بەسە.
لێم پرسی؛ کێ ئەتوانێت زمان لە دڵی مناڵانا بسڕێتەوە؟
پێی وتم:
بە بێدەنگکردنی مامۆستاکەیان دەست پێ ئەکەین.
فەرمانی دامەزراندنەکەیان دڕاندم.
بەوپەڕی شکۆوە ناوی یەک بە یەکی مناڵەکانم نووسییەوە:
- بێریڤان.
- هەژار.
- مەریوان.
- دارا.
- سەرکەوت.
- مژدە....
ناوەکانیان ئەتوت گوڵەکێویلەن.
هەفتەی دواتر گوندەکە وێرانکرا.
وێرانکرا و نەما.
لە ناو بیرێکی وشکا لێل سیان لە قوتابییەکانما خۆمان شاردەوە و دەرباز بووم.
قوتابییەکیان ناوی ئاراس بوو؛ بەدرێژایی شەو دەستمی توند گرتبوو.
چپاندی وە گوێما: مامۆسا، ئەلفبێ و دارا دوو داری دیم لەبیر ناچێتۆ.
پێش خۆرهەڵاتن مرد.
ئێستاکەیش وا جارێ تر خەریکی وانەوتنەوەم. لە قوتابخانە نا. لە ناو کەمپی ئاوارەکانا.
بە چیلکەیەک پیتەکان لەسەر خۆڵ ئەنووسمەوە.
سەرەتا فێریان ئەکەم ناوی خۆیان بنووسن.
پێیان ئێژم:
هیچ کەسێک ناتوانێت لە ناوت ببات، بە مەرجێ بتوانیت خۆت بۆ جیهان بنووسیتەوە.
پێم ئێژن مامۆستای دڵ.
هیچ کتێبێکم پێ نییە.
بەڵام سی ناوم لە ناو دڵما هەڵگرتووە. سی ناو. وەکو گوڵەکێویلەن و شنەیان دێ.
كۆمێنت (0)
هێشتا چو كۆمێنت نینن