#0246

گۆڕینی دیمۆگرافی ڪوردستان لە دوای ٢٠١٤

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 02 Sep 2026 · 3 خۆله‌كێن خویندنێ · 31 دیتن
گۆڕینی دیمۆگرافی ڪوردستان لە دوای ٢٠١٤

گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان دوای ٢٠١٤: ئاڵنگارییە نیشتمانی، یاسایی و ئەمنییەکان

چەندین پرسیار و نیگەرانی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە مێشکمدا دەسوڕێتەوە؛ بە تایبەتی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەی دوای ساڵی ٢٠١٤ لە کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕوویداوە و هێشتا بەردەوامە.

پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە: ئایا ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافیەی کە لە دوای ٢٠١٤ بە شێوەکانی جۆراوجۆر ڕوویداوە، لە ساڵانی داهاتوودا دەکرێت ببێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر خاک، ناسنامە و ئاسایشی کوردستان؟

من پێم وایە ئەگەر ئەم بابەتە بە وردی و لە ئێستاوە نەخوێندرێتەوە، مەترسییەکە تەنها ژمارەی دانیشتووان نییە؛ بەڵکو دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات ببێتە گۆڕینی واقعێکی دیمۆگرافی، سیاسی، ئیداری و تەنانەت یاسایی. لە مێژووی کوردستاندا دەزانین کە گۆڕینی دیمۆگرافی هەمیشە تەنها گواستنەوەی خەڵک نەبووە؛ لە هەندێک قۆناغدا بووەتە ئامرازێک بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان. بۆیە پێم وایە دەبێت بە جددی لێی بڕوانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لە بیری خۆمانی ببەین کە بە درێژایی مێژوو کە عەرەب چ دوژمنکارییەکی لەگەڵ مللەتی کورد لە هەموو روویەکەوە کردووە.

دیمۆگرافیا وەکو ئامرازێکی سیاسی و پرسی هەڵوێست لە کاتی تەنگژەدا

پرسیارێکی تری زۆر گرنگ کە هەمیشە لە مێشکمدایە ئەوەیە:

  • ئەگەر ڕۆژێک نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یان هەر هێزێکی سیاسی و سەربازی لە ناو عێراقدا ئاڵۆزییەکی گەورە یان شەڕێک ڕوو بدات، ئەو عەرەبانەی لە ناو هەرێمدان لەگەڵ گەلی کوردستان دەبن؟
  • ئایا بەشێکیان بێلایەن دەبن؟
  • یان ئایا بەشێکیان دەکرێت لەلایەن هێزە دەرەکییەکان یان هێزە سیاسییەکانەوە بەکاربهێنرێن دژی هەرێم؟

من ناتوانم پێشبینی بکەم کە هەموو عەرەبەکانی ناو هەرێم لە کاتی شەڕدا هەڵوێستێکی هاوشێوە بگرنە بەر؛ چونکە ئەمە پەیوەندی بە کەسایەتی، بنەماڵە، مێژوو، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەرژەوەندییەکان و باوەڕی سیاسی هەر تاکێکەوە هەیە. بەڵام ئەوەی من نیگەران دەکات، خۆی لە خۆیدا هەبوونی عەرەب نییە لە نێو خاکی هەرێم؛ بەڵکو بەکارهێنانی دیمۆگرافیا و دانیشتووان وەکو ئامرازێکی سیاسی و ئەمنییە. ئەگەر حکومەتێک یان هێزێکی سیاسی بتوانێت بە گۆڕینی دانیشتووان، گۆڕینی موڵک، گۆڕینی تۆمارەکان و گۆڕینی کارگێڕیی ناوچەیەک واقعێکی نوێ دروست بکات، ئەوا کێشەکە لە ئاستی دیمۆگرافیا تێدەپەڕێت و دەبێتە کێشەیەکی سیاسی و نیشتمانی.

ستراتیژیەتی بەڕێوەبردن و جیاکردنەوەی پڕۆژەی سیاسی لە مافی هاوڵاتیبوون

بەڕای من، مەترسییە گەورەکە ئەوە نییە کە ئەمڕۆ چەند کەس لە ناوچەیەکدا دەژین؛ بەڵکو ئەوەیە کە دوای ١٠ یان ٢٠ ساڵ، ئەو واقعە نوێیە بە شێوەیەک جێگیر بکرێت کە گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشوو زۆر قورس بێت. بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بابەتە بە شێوەیەکی زانستی و ستراتیژی بخوێنێتەوە، نەک تەنها لە کاتی قەیران و شەڕدا. دەبێت هەموو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان، موڵک و زەوی، گواستنەوەی دانیشتووان، ئاوارەبوون و گەڕانەوەی خەڵک بە وردی تۆمار بکرێن.

لە هەمان کاتدا، پێم وایە دەبێت جیاوازییەکی ڕوون بکرێتەوە لەنێوان عەرەبی هاوڵاتی و ئاشتیخواز و پڕۆژەی سیاسیی گۆڕینی دیمۆگرافی. ئەگەر کەسێکی عەرەب لە کوردستاندا بە یاسا دەژی، مافی خۆیەتی وەکو هاوڵاتیەکی ئەم وڵاتە و بە ئاشتی لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا بژیت، نابێت ببێتە هاوڵاتیەک کە ئارمانجی گێرەشێوێنی بێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەر هەر هێزێک هەوڵ بدات خەڵکی مەدەنی و ناسنامەی کۆمەڵایەتییان وەکو ئامرازێک بۆ گۆڕینی نەخشەی کوردستان بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی بەرامبەری بوەستین و ڕێگرییەکی دژوار بگرینە بەر.

ناوچە دابڕاوەکان و پرسیاری بەرپرسیارێتی

پێش ئەوەی کۆتایی بە ئەم بابەتە بهێنم، رووی ئەم قسەیەم لە پارتی و یەکێتی دەکەم دەپرسم: ئەرێ لە دوای ٢٠٠٣ وە تا ئێستای لە گەڵدابێت، ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان (ماددەی ١٤٠) و بەتایبەت لە دوای ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، چەند خێزانی کوردیان دەرکرد و چەندیان لە خەڵکی کورد کوشت؟ ئایا چەند خێزانی عەرەب شیعە و سننەیان هێنایە ناو شاری (دڵ + قودس)؟!!


دەرئەنجام: پاراستنی ناسنامە و داهاتووی نیشتمان

لە کۆتاییدا، من پێم وایە پاراستنی کوردستان تەنها بە چەک و هێزی سەربازی ناکرێت؛ بەڵکو بە پاراستنی دیمۆگرافیا، موڵک، ناسنامە، یاسا، مێژوو و یەکگرتوویی گشت هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکرێت. ئەگەر ئەم بابەتە لە ئێستا بە جددی کاری بۆ نەکرێت، ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ تەنها پرسیارێکە لە مێشکم و زۆر کەسی تر، لە داهاتوودا ببێتە پرسیارێکی نیشتمانیی گەورە کە چارەسەرکردنی زۆر قورستر بێت.

بۆیە پێم وایە ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین: ئێمە لە داهاتووی کوردستانمان چی دەوێت؟ و ئایا ئەو هەنگاوانەی ئەمڕۆ دەینێین، داهاتووی کوردستانمان دەپارێزن، یان کێشەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدەهێڵن؟

ئه‌ڤى بابه‌تى به‌لاڤ بكه‌ ژماره‌یا ژێده‌رى: #0246
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

كۆمێنت (0)

هێشتا چو كۆمێنت نینن