شەو، وەک دوایین هەناسەی سێدارە نشینێک، بە بێ بەزەیی و لە ماتەمێکی سەنگیندا لە جەستەی شار داماڵدرابوو، پڕشە و پەڕە پەڕەی بەفر، بێ دەنگ و سەنگین، لە شوشەی ئۆتۆمبێلەکەم دەنیشتن. بە هەر چوونە سەرەوەو هاتنە خوارەوەی شێواوی بەفرماڵی ئۆتۆمبیلەکەم، پەردەی تاریکی بۆ ساتێک لادەچوو، دیمەنێکی لێڵ و تەڵخی ڕێگەی پێشەوە وەدەردەکەوت و دیسان لە هێرشی سپێتیدا نوقم دەبووەوە! شەقامەکانی شاری تەورێز چۆڵ و هۆڵ بوون؛ درەنگ وەخت بوو، خاڵی لە هەر جموجۆڵێک، چۆڵ لە هاژوو هوژی هەر ئۆتۆمبێلێک. خەڵکی ئەو شارە وەک دەرمانیان خواردبێت، تێکڕا خەوتبوون.
تەنیا شتێک کە هێرشی دەکردە سەر ئەم کپییە نەبڕاوە، کزە ئەنگوتکی زەردی چرای شەقامەکان بوو کە بەسەر نزار و بەستێنی بەفراویدا دادەکشا. لەژێر هەر بلاجگتۆر و چراخانێکدا، سەما و هەڵپەڕکێی هاوسەنگی پەڕەی بەفر، وەک دیمەنێکی ئەفسوناوی لە فیلمێکی ترسناک دەهاتە بەرچاو؛ دژوارییەکی شاعیرانە لەنێوان سۆزی ئێسک بڕی شەو و گەرمایی چاوی ڕۆشناییە زێڕینەکاندا. بەڵام ئەم سەما جوانە، تەپوتۆزێکی ئەستوور لە گۆشەگیری و تەنیایی ڕەهای بەسەر شاندا کێشابوو. دەتگوت سەرانسەری زەوی لە خەوێکی ئەبەدیدا نوقم بووە و من تەنیا زیندەوەر و مرۆڤم لەسەر ئەم خاکە.
گەرمکەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە بە کزە دەنگێکی یەکسان لایە لایەیەکی گەرمی دەچڕی، منیش سەرگەرمی دیمەنی سەرسوڕهێنەری بەفر و هێمنی ڕێگەکە بووم، پەنجەکانم لە دەوری سووکانەکە ئازڵکاندبوو، تا زووتر ماندوێتی ئەم ڕێگە بەفراوییە بە ئومێدی گەیشتن بە ماڵەوە ببەستمەوە.
لەپڕ، سێبەرێک وەک دێوێک لە ئافاتی تاریکی لەپەنای شەقامەکەوە هەڵبەزییە پێشێ!
پێم بەبێ ئیرادە و بە توندی چوو بەسەر ئیستۆپدا! ئۆتۆمبیلەکە لەسەر بەستەڵەکەکە پیتی خوارد، تۆزێ لای دا و بە دەنگێکی ناخۆش و هەندێ خڕە خڕ ڕاوەستا. لێدانی دڵم لە چركەیەکدا گەیشتە بەرزایی ئاسمان، دەستەکانم لەسەر سووکانەکە وشک ببوون و دڵم لە ناو قوڕگمدا هەستم پێئەکرد تەپە تەپ ئەکات.
لە دووری چەند هەنگاوێک، پیرەمێردێک لەژێر ڕووناکی زەردی یەکێک لە چراکاندا وەستابوو. کڵاوێکی کۆن و سەرمابردووی لەسەردا بوو و توێژاڵێک بەفر لەسەر شانە چەماوەکانی نیشتبوو. دەم و چاوی لە سەرما سوور هەڵگەڕابوون، لاواز بوو وەک تارمایی دەهاتە بەرچاو. بە پەلە هاتە لای دەرکەکە و بە دەستە لەرزۆکەکانی لە شوشەکەی دا.
شوشەکەم تەنیا بەقەد چەند قامکێ هێنایە خوارێ، هەوای سەهۆڵبەندانی شەو وەک خەنجەرێکی ژەهراوی تەوژمیان هێنا. پیرەمێردەکە بە دەنگێکی نووساو و شڵەژاو، بە وشەی خێرا بە زمانی تورکی ئازەری کەوتە ئاخاوتن، دەستەکانی وەک باڵی باڵندەیەکی بریندار لە هەوادا ڕادەوەشاند و چاوەکانی لە کاسەی تاریکی دەم و چاویدا دەدرەوشایەوە.
شەپۆلێک لە ترس و دودڵی سامی بەسەر گیانمدا کێشا. لەم کاتەی شەودا، لەم شەقامە چۆڵ و ساردەدا، کێ بڕوا بە غەریبەیەک دەکات؟ دەیان داو و فێڵی ڕێگە و جادەم لە مێشکدا دەپێوا. بە دەنگێک کە هەوڵم دەدا لەرزینی دیار نەبێ، گوتم :
- من تورکی نازانم ... بە فارسی بڵێ چی قەوماوە؟
پیرەمێردەکە تاوێک ڕاوەستا؛ وەک بڵێی وشە فارسییەکان لە کەلاوە تاریکەکانی مێشکیدا دەپشکنێ، ئەسرین لە چاوە سەرمابردووەکانیدا قەتیس بوو بوو، بە ئاوازێکی لەرزۆک و پچڕاو و شڵەژا و ناڵاندی :
- تخوا ... لەگەڵم وەرە بۆ مالێ ... ژنەکەم ... ژنەکەم ڕەوشی زۆر خراپە ... تەلەفۆنم نییە ... زەنگ لێبدە بۆ فریاکەوتن ... یا بیبەین بۆ بیمارستان! چەنێکە لێرە ڕاوەستاوم چاوەڕێی تەکسیم، ناشوکری نەبێ ئەڵێی شاری مردووەکانە، تەنانەت لە دەرکی دراوسێکانیشم دا، بێ ئاگا بوون!
جەنگێکی سەخت لەنێوان ترسی سەلامەتی گیانی خۆم و بەزەیییەک کە دڵمی دەگوشی هەڵگیرسا. ئاوڕێکم لە کوڵان و شەقامی چۆڵ دایەوە، ئەی ئەگەر داو بێت؟ ئەی ئەگەر لەپشت ئەم پاڕانەوەیەدا تیغی خیانەتێک خۆی مەڵاس دابێت چی؟ بەڵام چاوە پڕ لە پارانەوەکانی پیرەمێردەکە و دەستە لەرزۆک و ڕەقبووەکانی کە تەنانەت بڕستی گرتنی یەخەی کەپەنەکەیان نەمابوو، ئیدی هیچ ڕاڕاییەکیان نەهێشتەوە، هەناسەم لە سنگدا حەسار دا، قفڵی دەرکەم کردەوە و گوتم :
- سوار بە با بڕۆین!
کۆڵانێک کە منی کێشایە ناوی، تاریکتر، تەنگتر و سامناکتر لە ڕێگەی سەرەکی شار بوو، بەفر تا نزدیک ئەژنۆ دەگەیشت، لە جێگەیەک کە هەندێ مەودای لەگەڵ ماڵیدا هەبوو، ئۆتۆمبیلەکەم ڕاگرت، چونکە کوچەکە جێگای پیادە ڕەوی زیاتر نەبوو.
پیرەمێردەکە بە هەنگاوی خێرا دەچووە پێشێ و من بە مەودایەکی وشیارانە، لەکاتێکدا مۆبایلەکەم لە ناو مستمدا گرتبوو، خۆمم بۆ هەر ڕووداوێک ئامادە کردبوو، بەپاشیدا هەنگاوم دەنا.
سێبەری دارە ڕووتەکان لەسەر سپێتی بەفرەکە، وەک دەستە درێژبووەکانی دێوێک دەهاتنە بەرچاوم، کە دەیانویست پەلامارم بدەن! دەنگی زریان و جیڕەی بەفری ژێر پێڵاوەکانم ئاوێتەی یەکتر بوو بوون، کاتێ هەناسەم ئەدا وەک دوکەڵی شەمەنەفەر دەچووە حەوا، پیرە پیاوەکە لەژێر لێوەوە زوو زوو بە تورکی ئەیگوت لێرەوە بێ.
سەرەنجام چووینە ناو داڵانی خانوویەکی کۆن و گڵین، تاریکی ڕەهای داڵانەکە و کۆنێتی خانووەکە ترسی منی گەیاندە ئەوپەڕی.
پیرەمێردەکە لە دەرکە تاریکەکەی بن داڵانەکەی دا و نەڕاندی :
- هاتینەوە ... فریاد ڕەسێکم هێنا!
چووینە ژوورێ، لەسەر تەختێکی دارین، پیرەژنێک لەژێر چەند بەتانیەک کەوتبوو و هەناسەی وەک دەنگی بەرکەوتنی بەرد بەسەر بەرد دا دەهاتە بەر گوێ، ڕوومەتی زەرد دەچوو و لێوەکانی دەلەرزین، هیچ داو و فێڵێک لە ئارادا نەبوو؛ تەنیا دوو بێ دەرەتان لەبەرامەر بێ بەزەیی سۆزی شەودا و بێ کەسی خۆیاندا وەگیر هاتبوون.
سەرەتا ویستم لە کۆڵی بگرم و بیبەمە نێو ئۆتۆمبیلەکەم و لەوێشەوە بۆ بیمارستان، بەڵام دوای بە بیرمدا هاتەوە ئێرە ئێرانە، وڵاتی خۆم نیە، بە تلیفۆنێک پزیشک وەفریات ئەکەوێ!
بەبێ ڕاوەستان دەستبەکار بووم، تلیفۆنم بۆ فریاکەوتن کرد و نێونیشانی گەڕەک و کۆڵانەکەم بە وردی پێدان، لەو ساتانەی کە چاوەڕوانی وەک ساڵێک تێدەپەڕی، یارمەتی پیرەمێردەکەم دا تا قۆریە چایەکە بخاتە سەر بوخاریەکە و چەند بەتانیەکی گەرم بەسەر پیرەژنەکەدا بدات. هێندەی پێنەچوو تیمی فریاکەوتن کە لە فەزای کپی کۆڵانەکەدا دەنگی دایەوە، دەتگوت سرودی ژیانەوە لێدەدەن، سەرو کەلەیان پەیدا بوو.
پزیشکێک و پەرستارێک، بەهەندێ جانتاو تروتەشقەڵەوە بە پەلە هاتنە ژوورێ، دوای پشکنین و دەرزی لێدان، پزیشکەکە بزەیەکی جوانی کەوتە سەر لێو و ڕووی کردە پیرەمێردەکە و گوتی :
- مەترسە حاجی ڕەزا! دابەزینی زۆری پەستانی خوێن و سەرمابوونی سەخت بووە. ئەگەر نیو سەعاتی تر ئێمە نەگەیشتباین مەترسیدار دەبوو، بەڵام ئێستا ڕەوشی جێگیرە و پێویستی بە بردن بۆ نەخۆشخانەش نییە.
بەو قسەیە، دەتگوت چیایەک لە بارگرانی لەسەر شانی پیرەمێردەکە داگەڕا، دەم وچاوە گرژبووەکەی ناگەهان پشکووت و ئەسرینی خۆشی لەسەر چرچولۆچی ڕوومەتی هاتە خوارێ، پیرەژنەکەش چاوەکانی هەڵێنا و بە دەنگێکی کز بەڵام پر لە خۆشەویستی، بە تورکی ئازەری شتێکی گوت، وا پێدەچوو دوعای خێر بێ.
کاتێک پزیشکەکان ڕۆیشتن، حاجی ڕەزا دەستە لەرزۆکەکانی لە دەوری پیاڵەی چایە گەرمەکە کە لەسەر بۆخارییەکە دەمی کێشابوو پێچایەوە، ڕوانینێکی پڕ لە سوپاسگوزاری ئاڕاستەی من کرد و گوتی :
- ڕۆڵە گیان ... لەو شڵەژاوییەدا تەنانەت نەمپڕسی نێوت چییە و خەڵکی کوێی؟
بزەیەکم کرد و گوتم :
- من کوردم حاجی ئاغا، خوێندکارم، چەند ساڵێکە لە تەورێز دەژیم.
چاوەکانی حاجی ڕەزا بە بیستنی وشەی ( کورد ) درەوشایەوە. پیاڵەکەی لەسەر ژێرپیاڵەکە دانا، کۆکەیەکی کورتی کرد و بە ئاوازێکی پڕ لە ڕێز گوتی :
- کورد ... دەی بڵێ بۆچی دڵت ئەوەندە وەک دەریا فراوان بوو و لەم بەفر و سەرمایەدا تەنیات جێ نەهێشتم.
ڕاستیت دەوێ، ئیمشەو ئەمە بۆ دووهەم جارە کوردێک دەبێتە فریشتەی ڕزگاریی ژیانی من!
شەوق و حەز سەراپای گیانمی داپۆشی، ئەمویست بزانم ئەو کوردەکە کێ بووە کە بە فریای ئەم پیرە پیاوە گەیشتووە، هەموو گیانم بوو بە گوێچکە تا ببیسم قەزیە چیە. حاجی ڕەزا پشتی دا بە سەرینی کۆنی ژوورەکەوە، چاوەکانی نوقمی بیرەوەرییەکی دوور بوو و گوتی :
- نزیکەی ( ۳۰ ) ساڵێ پێش ئێستا، گەنجێکی پڕ لە ئارەزوو بووم و شۆفێری ئۆتۆمبیلی تریلا بووم، زستانێکی زۆر ڕەش و سەخت و سارد بوو، بە بارێکی قورسەوە لە ملەی دژواری ( خان )، لەنێوان بانه و سەقزدا دەمئاژوو، بەفر وەها بێ بڕانەوە دەباری کە زەوی و ئاسمان تەنیا سپێتی بەخۆیەوە دەبینی، ئاوابوونی خۆر بوو، هەوا تاریکی کردبوو کە شاسیی ماشینەکە لەژێر زەختدا شکا و من لەناو بەفر و کزەبای ئێسک بڕدا زەمین گیر بووم! نه مۆبایل و نە ئامرازێک هەبوو، نه ڕێبوارێک لەو ڕێگەیەوە تێدەپەڕی، سەرمای دە پلە ژێر سفر دەبوو، دڵۆپ دڵۆپ خوێنمی دەبەست. ئۆتۆمبیلەکەم لە کار کەوت و چاوەکانم تاریکایی دایگرت ... ئیدی تێگەیشتم کە مەڕگ تەنیا هەنگاوێک لێمەوە دوورە. وەخت بوو هۆش لەدەست بدەم!
حاجی ڕەزا تاوێک ڕاوەستا؛ جگەرەیەکی لە پاکەتەکەی دەرهێنا و دایگرساند، دەتگوت دیسان لە پەنای ئەو دێوە سپییەی سی ساڵ پێشتریدا هەناسە دەکێشێ.
- لە دوایین چڕکەساتەکاندا کە تەسلیمی چنگی سەهۆڵبەندان دەبووم، دەنگی چەند تەقەیەکم گوێ لێبوو. پاشان ناڵە و هاتوو هاواری چەند کەسێک لەناو زریاندا دەنگی دایەوە! دیتم سێ کوڕی گەنجی کورد بە بەرگی ڕەسەنی کوردی و پشتوێنی بەستراو بە کەمەرەوە، لەناو بەفری تا کەمەرگەیشتوودا، وەک پەرجۆ (موعجیزە) لەو شەوەزەنگەوە وەدەرکەوتن! ئەوان نە منی بێگانەیان دەناسی و نە لە زمانیشم تێدەگەیشتن، بەڵام کاتێک جەستەی نیمچەگیانی منیان دی، چەخماخەی غیرەتیان لە چاوەکانیاندا دەدرەوشایەوە.
یەکێک لەو گەنجانە کە جەستەیەکی کەڵەکەت و چوارشانە بوو، وەک شاخ ئەستوور بوو و ناوی ( کاوە ) بوو، منی وەک منداڵێک خستە سەر شانی. لەو کۆڵاکە وەحشییەدا کە هەنگاونان زۆر سەخت بوو، زیاتر لە کیلۆ مەترێ منی بە کۆڵ کێشا تا گەیشتینە دێکەیان، منی بردە سەر کورسی گەرمی ماڵەکەیان، جلی وشکی کردە بەرم و چەند کاتژمێرێک دەست و پێی ڕەقبوومیان شێلا و بە ئاشێکی گەرم، ژیانیان بۆ ڕەگ و دەمارەکانم گەڕاندەوە.
ڕۆژی دواتر، سەرجەم پیاوانی دێ لەو سەرمایەدا هاتنە سەر جادە، بەرزکەرەوەیان خستە ژێر ئۆتۆمبیلەکەم و شاسییەکەیان بە شێوەی کاتی چاک کردەوەو تا بتوانم بگەڕێمەوە.
هەرچیم ویست ڕەنجیان بە پارە بۆ قەرەبوو بکەمەوە، کاک کاوە بە دەنگە گڕەکەی هاواری کرد و دەستمی گەڕاندەوە و گوتی :
- ئێمەی کورد بۆ بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە تەنگانەدا، نرخ و بەها دانانێن.
حاجی ڕەزا دەستە پڕ لە میهرەبانییەکەی خستە سەر دەستم و بە دەنگێک پڕ لە شکۆوە درێژەی پێدا :
- ئەو ڕۆژە لە هەیبەتی ئەو کەش و شاخە سەرکەشەدا، مانای ڕاستەقینەی ڕەسەنایەتی و ئازایەتی کورد تێگەیشتم، ئیمشەویش کاتێک تۆ دەرکەی ماشینت کردەوە و هاتیتە ناو ئەم بەفرە، دیمەنی کاک کاوە لە مێشکمدا زیندوو بووەوە.
حاجی ڕەزا دڵی پڕ بوو گوتی :
- ڕەسەنایەتی لە خوێنی ئێوەدا جارییە ڕۆڵە..
تعليقات (0)
لا توجد تعليقات بعد