#0076

ڪێ بڕیاری ڪۆتایی بۆ چارەسەرڪردنی ئەم قەیرانانە دەدات ؟

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 29 Jun 2026 · 1 دقائق للقراءة · 1 مشاهدة
ڪێ بڕیاری ڪۆتایی بۆ چارەسەرڪردنی ئەم قەیرانانە دەدات ؟

بۆچی ڪابینەی دەیەمی حڪومەتی هەرێمی ڪوردستان تا ئێستا پێک نەهاتووە؟

خوێندنەوەیەڪی سیاسی لە پشت قەیرانەکانی ئێستای هەرێم

لە هەر سیستەمێڪی دیموڪراسی‌دا، هەڵبژاردن گەرەڪە دەسپێڪی قۆناغێڪی نوێ بێت، نەک سەرەتای قەیرانێڪی نوێ. بەڵام لە هەرێمی ڪوردستان، دوای هەڵبژاردنەڪان و تا ئێستا، هاووڵاتیان بە چاوی خۆیان دەبینن ڪە پێڪهێنانی ڪابینەی دەیەمی حڪومەت بەردەوام لە دواڪەوتن و ململانێی سیاسییە. لە هەمان ڪاتدا، پەرلەمانی ڪوردستان وەک دامەزراوەی سەرەڪیی یاسادانان و چاودێریڪردنی حڪومەتە، نەیتوانیوە بە شێوەیەڪی ئاسایی ڪارەڪانی بڪات.

ئەمە تەنها ڪێشەیەڪی تەڪنیڪی نییە، بەڵڪو دەرخەری قەیرانێڪی قووڵی سیاسییە ڪە ساڵانێڪە لە ژێر ئاستی ڕووداوەڪاندا ڪۆدەبێتەوە.

یەڪەم: ڪێشەڪە تەنها ڪێشەی پۆست و وەزارەت نییە نەخێر ، ڪە

زۆر جار لە میدیاڪاندا باس لە دابەشڪردنی وەزارەتەڪان و پۆستە حڪومییەڪان دەڪرێت، بەڵام ئەگەر قووڵتر سەیری بابەتەڪە بڪەین، دەبینین ڪێشەڪە لە بنەڕەتدا ڪێشەی دەسەڵاتە.

پرسیارە سەرەڪییەڪە ئەوەیە: ڪێ بڕیاری سیاسیی ڪوردستان دەدات؟

هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەڪان ڕێگەی یاسایی بۆ پێڪهێنانی حڪومەت دیاری دەڪات، بەڵام هێشتا هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی گفتوگۆ و فشارە سیاسییەڪانەوە دەسەڵاتێڪی زیاتر لە ئەنجامی سندووقەڪانی دەنگدان بەدەست بهێنن !. لەبەر ئەوە گفتوگۆڪان تەنها لەسەر ناوی وەزیرێک یان هەر پلەیەڪی تر بێت نییە، بەڵڪو لەسەر ئەوەیە ڪە چ لایەنێک ڪاریگەری زیاتر لە بڕیارە ستراتیژییەڪانی هەرێم هەبێت.

دووەم: باڤڵ تاڵەبانی چی دەوێت؟

لە ڕوانگەی زۆرێک لە چاودێران، باڤڵ تاڵەبانی هەوڵدەدات یەڪێتی نیشتمانی وەک هێزێڪی سەرەڪی لە هاوڪێشەی دەسەڵاتدا بپارێزێت.

یەڪێتی نیشتمانی لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی ناګۆڪی ناوخۆیی و گۆڕانڪارییە سیاسییەڪان هەندێک لە هێزی خۆی لەدەستدا. بۆیە سڪرتێری ئێستای یەڪێتی پێیوایە ئەگەر لە قۆناغی پێڪهێنانی حڪومەتدا فشار نەخاتە سەر پارتی دیمڪراتی ڪوردستان لایەنەڪانیتر، دەتوانێت زیان لە شوێنی سیاسیی خۆی ببینێت.

بە واتایەڪی تر، لە ڕوانگەی یەڪێتییەوە، ئەم قۆناغە تەنها دروستڪردنی ڪابینە نییە، بەڵڪو شەڕێڪە بۆ پاراستنی شوێن و قورسایی سیاسی لە داهاتوودا.

سێیەم: بۆچی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەڪی سەربەخۆ ڪار ناکات؟

ئەگەر پەرلەمان بە شێوەیەڪی ئاسایی ڪار بڪات، زۆرێک لە ڪێشەڪان چارەسەر دەبن.

بەڵام لە ڪوردستان، زۆرجار دامەزراوەڪان بەهێزی دامەزراوەیی خۆیان ڪار ناڪەن، بەڵڪو بەگوێرەی هاوسەنگی نێوان حیزبە گەورەڪان تەعامل دەڪەن.

ڪاتێک ڕێڪڪەوتن لەنێوان هێزە سیاسییە سەرەڪییەڪاندا نەبێت، ڪاری پەرلەمانیش وەستادەوە.

ئەمەش مەترسییەڪی گەورە دروست دەڪات، چونکە:

  • چاودێری حکومەت لاواز دەبێت.
  • یاسا گرنگەڪان دوا دەڪەون.
  • ڪێشەڪانی خەڵک بێ چارەسەری دەمێننەوە.
  • بەو شێوەیە ئەوڪات متمانەی خەڵک بە دامەزراوەڪان ڪەم دەبێتەوە.

چوارەم: ئایا دەستی دەرەڪی هەیە؟

ئەم پرسیارە لە ناو خەڵڪدا زۆر دووبارە دەبێتەوە.

ئەگەر مێژووی ڪوردستان بخوێنینەوە، دەبینین هەرگیز ڪوردستان تەنها گۆڕەپانی بڕیارە ناوخۆییەڪان نەبووە.

هەموو ئەو وڵاتانەی دەوری ڪوردستانیان داوە، بەرژەوەندیی خۆیان لەم ناوچەیەدا هەیە.

ئێران

ئێران هەمیشە ویستوویەتی ڪاریگەری لەسەر هێزە سیاسییەڪانی ڪوردستان هەبێت، چونڪە هەر گۆڕانڪارییەک لە هەرێم ڪاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی سنوورەڪانی ئەو وڵاتە وەڪ ئەوان دەیلێن و دەیبینن .

تورڪیا

تورڪیاش ڪوردستان بە ناوچەیەکی ستراتیژی دەبینێت.

پرسی پەڪەڪە، ئابووری، نەوت و سنوورەڪان ئەمانە هەموویان هۆڪارن بۆ ئەوەی ئەنقەرە بەردەوام چاودێری پێشهات وڕووداوەڪانی هەرێم بکات.

بەغدا

حڪومەتی عێراقیش دڵخۆش نابێت ئەگەر هەرێم بەهێزتر و یەڪگرتووتر بێت.

لەبەر ئەوە هەمیشە هەوڵی ئەوە هەبووە ڪە ڪاریگەری لەسەر هاوڪێشە سیاسییەڪانی هەرێم هەبێت.

پێنجەم: بەڵام من پێموایەڪە هۆڪاری سەرەڪی لە دەرەوە نییە

زۆر جار ڪاتێک قەیرانێک دروست دەبێت، ئاسانترین شت ئەوەیە کە تاوان بخەینە سەر وڵاتانی دەرەوە.

بەڵام ڕاستییەڪە ئەوەیە:

  • ئەگەر ناوخۆ بەهێز بێت، دەرەوە ناتوانێت زۆر ڪاریگەر بێت.
  • وڵاتانی دەرەڪی ناتوانن قەیرانێک دروست بڪەن ئەگەر زەمینەی ناوخۆیی بۆی ئامادە نەبێت.

بۆیە ڪێشەی سەرەڪی لە خۆماندایە:

  • لاوازی دامەزراوەڪان.
  • زاڵبوونی حیزبایەتی.
  • نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێڪی ڕاستەقینە وبەهێز.
  • پەیوەستڪردنی دامەزراوەڪانی دەوڵەت بە بەرژەوەندیی حیزبی.

شەشەم: ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت چ ڕوودەدات؟

ئەگەر پێڪهێنانی حڪومەت زیاتر دواڪەوێت، پێموایە ئەنجامەڪەی مەترسیدار دەبێت:

  • زیاتر لاوازبوونی متمانەی خەڵک بە سیستەمی سیاسی.
  • ڪەمبوونەوەی وەبەرهێنان و جوڵەی ئابووری.
  • زیادبوونی ڪۆچی گەنجان بۆ دەرەوە.
  • لاوازبوونی شوێنی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا.
  • گەشەڪردنی هەست بە بێهیوایی لەنێو هاووڵاتیاندا.

بەهەرحاڵ لە ڕوانگەی منەوە، قەیرانی ڪابینەی دەیەم تەنها ململانێیەک نییە لەسەر چەند وەزارەت و پۆستێکی حڪومی؛ بەڵڪو دەرخەری ململانێیەڪی قووڵترە لەسەر داهاتووی دەسەڵات لە هەرێمی ڪوردستان.

هەرچەندە دەستی دەرەڪی دەتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت، بەڵام هۆڪاری سەرەکیی ئەم هەموو قەیرانەڪە قەیرانێڪی ناوخۆی سیاسیی ڪوردستانە. تا ڪاتێک بەرژەوەندیی نیشتمان و هاووڵاتی لەسەر بەرژەوەندیی حیزب نەخرێت، هەر ڪابینەیەک پێڪبێت، ڪێشەڪە هەر لە شوێنێڪی تر و بە شێوەیەڪی تر دووبارە دەبێتەوە.

ڪوردستان زیاتر لە هەر ڪاتێڪی تر پێویستی بە دامەزراوەی بەهێزە، پەرلەمانێڪی چالاک وبەرێوەبردنێڪی سیاسی هەیە ڪە بتوانێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانی بیر بڪاتەوە، نەک تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی حیزبی .

شارك هذا المقال الرقم المرجعي: #0076
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

تعليقات (0)

لا توجد تعليقات بعد