٢٥ی ئەیلوول: ڕاپەڕینی ویژدانی بریندار و بەڵگەنامەی نەبەزیوی سەربەخۆیی
مێژووی گەلان بە کاتژمێر و ڕۆژە ئاساییەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو ساتە وەرچەرخانانە دەپێورێت کە تێیاندا نەتەوەیەک دەستبەرداری بێدەنگی دەبێت و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دەنوسێتەوە. 25 ی ئەیلوولی 2017 لە مێژووی گەلی کوردستاندا، تەنها ڕۆژێکی دەنگدان یان پرۆسەیەکی سیاسی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ڕاپەڕینی وێژدانێکی بریندار و هاواری ئاشکرای گەلێک بوو کە سەدەیەک زوڵم، ئەنفال، کیمیاباران و خاپوورکردنی گوندەکانی لەبیر نەکردبوو.
لەم ڕۆژەدا، کاتێک زیاتر لە 70٪ ی هاووڵاتییانی کوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی ، نەتەوەیی و ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد و 92.7 ٪ی دەنگدەران بە باوەڕێکی پۆڵاینەوە گوتیان (بەڵێ) بە کردەوە سەلماندیان کە ئیرادەی ئازادی لە هەموو چەک و پیلانگێڕییەک بەهێزتر و زێدەترە. ئەم هەڵوێستە بە سەرکردایەتی سەرۆک (مەسعود بارزانی) وەک ڕابەر و پێشمەرگەیەک کە تەمەنی لەپێناو ڕزگاریی ئەم نیشتمانەدا بەخشیوە، لەگەڵ هاوبەشی زۆرینەی هێزە سیاسییەکان، بڕیارێکی مێژوویی بوو بەرامبەر بەو ئەقڵییەتەی کە هیچ ڕێککەوتن و دەستوورێکی سەردەمیانەی بۆ کورد به ڕەوا نەدەبینی.
ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و هێمای نەتەوەیی
ڕاستییەکە ئەوەیە کە( ڕیفراندۆم) تەنها داواکارییەک نەبوو بۆ دەوڵەت، بەڵکو ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی بەردەوام بوو. گەلی کوردستان باش دەیزانی کە بەبێ سەربەخۆیی، هەڕەشەی جینۆساید لەژێر ناو و پەردەی نوێدا بەردەوام دەبێت. هەرچەندە نەیاران و داگیرکەران، بە هاوکاری دەستی ناوخۆیی و فشاری هەرێمی، هەوڵیان دا ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە گەورەیە گۆشەگیر بڕوانن، بەڵام بڕیاری 25 ی ئەیلوول نە سڕدرایەوە و نە بووە کۆتایی مێژوو.
تعليقات (0)
لا توجد تعليقات بعد