#0310

25 ی ئەیلوول، ڕاپەڕینی وێژدانێکی بریندار و هاواری ئاشکرای گەلێک

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 25 Sep 2026 · 2 min read · 44 views
25 ی ئەیلوول، ڕاپەڕینی وێژدانێکی بریندار و هاواری ئاشکرای گەلێک

٢٥ی ئەیلوول: ڕاپەڕینی ویژدانی بریندار و بەڵگەنامەی نەبەزیوی سەربەخۆیی

مێژووی گەلان بە کاتژمێر و ڕۆژە ئاساییەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو ساتە وەرچەرخانانە دەپێورێت کە تێیاندا نەتەوەیەک دەستبەرداری بێدەنگی دەبێت و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دەنوسێتەوە. 25 ی ئەیلوولی 2017 لە مێژووی گەلی کوردستاندا، تەنها ڕۆژێکی دەنگدان یان پرۆسەیەکی سیاسی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ڕاپەڕینی وێژدانێکی بریندار و هاواری ئاشکرای گەلێک بوو کە سەدەیەک زوڵم، ئەنفال، کیمیاباران و خاپوورکردنی گوندەکانی لەبیر نەکردبوو.

لەم ڕۆژەدا، کاتێک زیاتر لە 70٪ ی هاووڵاتییانی کوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی ، نەتەوەیی و ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد و 92.7 ٪ی دەنگدەران بە باوەڕێکی پۆڵاینەوە گوتیان (بەڵێ) بە کردەوە سەلماندیان کە ئیرادەی ئازادی لە هەموو چەک و پیلانگێڕییەک بەهێزتر و زێدەترە. ئەم هەڵوێستە بە سەرکردایەتی سەرۆک (مەسعود بارزانی) وەک ڕابەر و پێشمەرگەیەک کە تەمەنی لەپێناو ڕزگاریی ئەم نیشتمانەدا بەخشیوە، لەگەڵ هاوبەشی زۆرینەی هێزە سیاسییەکان، بڕیارێکی مێژوویی بوو بەرامبەر بەو ئەقڵییەتەی کە هیچ ڕێککەوتن و دەستوورێکی سەردەمیانەی بۆ کورد به ڕەوا نەدەبینی.

ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و هێمای نەتەوەیی

ڕاستییەکە ئەوەیە کە( ڕیفراندۆم) تەنها داواکارییەک نەبوو بۆ دەوڵەت، بەڵکو ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی بەردەوام بوو. گەلی کوردستان باش دەیزانی کە بەبێ سەربەخۆیی، هەڕەشەی جینۆساید لەژێر ناو و پەردەی نوێدا بەردەوام دەبێت. هەرچەندە نەیاران و داگیرکەران، بە هاوکاری دەستی ناوخۆیی و فشاری هەرێمی، هەوڵیان دا ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە گەورەیە گۆشەگیر بڕوانن، بەڵام بڕیاری 25 ی ئەیلوول نە سڕدرایەوە و نە بووە کۆتایی مێژوو.


ئەمڕۆ، لە ساڵیادی ئەو ڕووداوە مێژووییەدا، ڕیفراندۆم وەک سەنەد و بەڵگەیەکی دۆکیومێنتکراوی شەرعی لە جیهاندا دەمێنێتەوە. سەلماندی کە کورد تاجی سەربەخۆیی لە ویژدانی خۆیدا داناوە و لەگەڵ هەر سووڕانەوەیەکی مێژوودا، ئەو دەنگە بەرزە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) دووبارە دەبێتەوە، چونکە ئیرادەی گەلێک کاتێک بۆ ئازادی بڕیار دەدات، هیچ سنوورێک ناتوانێت بۆ هەتاهەتا زیندانی بکات.

Share this article Reference number: #0310
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

comments (0)

No comments yet