#0145

ئەو کوڕەی دڕنی وە خۆڵ دا و هاتە بان

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 27 Jul 2026 · 3 خۆله‌كێن خویندنێ · 84 دیتن
ئەو کوڕەی دڕنی وە خۆڵ دا و هاتە بان

[کوڕیژگەیەکی کورد، کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نوگرەسەلمان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق، دەربازی بوو. خوشکە بریندارەکەی ڕازی نەبوو لێلیا بڕوات. لێل بێدەنگیی لم و وەڕینی سەگەکانا ژیا.]

"من جارێک کریامە ژێر خۆڵۆ. ئەزانم زەوی تامی چی ئەدا. هەر خۆڵی ڕووت نییە و تەواو. ناوی تۆی لەبیر ئەمێنێ."


نازانم تەمەنم چەنێکە.

پێم ئێژن دوانزە ساڵانم. بەڵام وا ئەزانم لە بیابان پیرترم. تەمەنم لە بێدەنگی گەورەترە.

چاڵەکەم لە بیرە. من وای پێ ئێژم. چاڵەکە.

شەو زیلەکان هاتن. دایکم زۆر تن باڵی گرتووم، شوێندەسەکەی چەن ڕۆژێ وەسەر باڵمۆ ماوە. لە نوگرەسەلمانۆ هاوردینیان. هیچ ورتەیەک نەهات. چەند سەعاتێ زیلەکانیان لێخوڕی. ئینجا عەسکەرەکان گشتمانیان خستە سەر ئەژنۆ.

ڕێزانی خۆیشکم چپانی وە گوێما، "مەگری. ئەوەی بێدەسەڵات وێ زەوی قووتی ئەدا."

ئینجا هاڕەی تەقەی کڵاشینکۆفەکان هات. من نەمردم. گولەیەک شانی سمیم. بیرمە کەوتم وەسەر خۆیشکەکەما. گەرمایی لاشەی ئەوم بیرە. ئینجا ساردیی. دوای ئەوەیش قورسایی ئەو هەموو لاشەیە.

وابزانم دوو ڕۆژی پێ چوو. لەوانەیشە زیاتر.

دەمی من وەسەر پشتی کەسێکی ترۆو. هەوام لە ناو قژی ئەوۆ هەڵئەمژی. بۆنی شیری بزن و بارووتی لێئەهات.

دڕنم وە خۆڵەکە دا. وە دەس و پەنجەم. وە قوڕانیشکم. وە بەینی پەراسوو و باڵ و قاچی کەسێکا هاتمە بان. نازانم پەراسوو و باڵ و قاچی کێ بوون. هی خۆم بوون یان ئەوانی تر؟ نازانم!

کە ڕۆشناییم بینی، قیژاندم. بەڵام هەر لە ناو خۆما. دەنگم نەئەهاتە بان.

خۆمم ڕاکێشایە دەرۆ. سەرشانم ڕەشی ئەکردۆ، گشتی خوێنی وشکەوەبوو بوو. قاچم وە باشی نەئەجووڵیا.

ڕێزان... ئەویش زیندوو بوو، بەڵام حاڵی باش نەو. چاوەکانی کریاوونۆ. وتم پێی "بێ" بە هێواشی سەری ڕاوەشاند کە نایە.

بە چپەوە وتی"ئەکەونە دوامان، تۆ بڕۆ". "بڕۆ پێش ئەوەی سەگەکان دەسکەنۆ وە وەڕین"

وە سنگەخشێ بڕێ چووم. بیابان زۆر پڕ هەرا ترە لەوەی بیرم لێکردۆتۆ. ئێژی خۆی هەڵئەبڕێ و هەناسە ئەدا. لێل هەر هەنگاوێکما وامئەزانی ئیسا گولەیە لێم ئەدا. گوێم لە هاڕە و تەقەی ئەو کڵاشینکۆفانە بوون کە لە ڕاسییا لەوێ نەماوون. با کۆمەڵێ دەنگی پێو. بڕێ بانگی منیان ئەکرد. بڕێکیان وە سەر ئەوانی ترا هاواریان ئەکرد.

گەیشتمە ئاواییەک. ئاواییەکی عەرەب. لەبەردەرگای ماڵێکا کەوتم. دەرگای ماڵەکە بۆیەی شین کریاوو.

نەیانکوشتم.

پیرەژنێک وە دەسەکانی خۆی ئاوی کردە دەممۆ. زوانی کوردیی نەئەزانی، بڕێ چتی وت نەمزانی چی ئێژێ. نەنکمی خستۆ بیرم.

نەمئەتوانی متمانە وە کەس بکەم. هەر جیڕەی قاپییەک بهاتایە، وشک ئەبووم. هەر جارێ وەڕەی سەگێک بهاتایە، وامئەزانی هاکا خۆی هەڵداوە ژوورۆ و ئەوەی گولەکان نەیانتوانی پێمکەن، ئەو پێمەکا. هەڵمەدڕێ.

لە ژێر بەتانییەکا خەوتم، بەڵام هەرگیز نەمتوانی چاوەکانم وە تەواوی بنووقێنم. هەرگیز.

تەنانەت ئیساکەیش، لە خشەی گڵایەکی وشک ڕائەچڵەکێم. کە دنکە لم ئەکێشن وە پەنجەرەی ژوورەکا دڵم خورپە ئەکا. جار جارە وە دەم خەویشۆ وە دەس خۆڵ ئەدێرمۆ. جارێکیان لە حەوشەکا خەوەرم بووۆ، سەیر ئەکەم پڕی ژێر نینۆکانم خۆڵە و بۆ ڕێزان ئەگریام.

نازانم ها لە کوێ. لەوانەیە وەکو خوێن چۆڕیاوێتە ژێر زەوی. ئەشێ بووێتە بەشێ لە با و وە ناو نوگرەسەلمانا بگڤێنێ.

جار جارە خەوی پێوە ئەبینم، لە قەراخی گۆڕەکا وێسیاوە و چرایەکی ها وە دەسۆ.

هیچ قسە ناکا.

پەنجەی درێژ ئەکا و ناو زەوییەکەم پیشان ئەدا.

ئێژی گەرەکێتی پێم بێژێ: "منت لەبیر نەچێ. لەیرا و لەم بێدەنگییا جێم مەهێڵە."

بەڵام من جێم نەهێڵاوو. جێم نەهێڵا.

تۆ بێژی جێم هێڵاوێ؟

ئه‌ڤى بابه‌تى به‌لاڤ بكه‌ ژماره‌یا ژێده‌رى: #0145
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

كۆمێنت (0)

هێشتا چو كۆمێنت نینن