#0322

سەرۆک بارزانی و نەخشەڕێگەی ئایندە

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 30 Sep 2026 · 2 دقائق للقراءة · 41 مشاهدة
سەرۆک بارزانی و نەخشەڕێگەی ئایندە

دیمانە تایبەتەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ کەناڵی (الشرقیة) تەنها لێدوانێکی ڕاگەیاندندنی ئاسایی نەبوو، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی ڕوون، واقیعییانە و سەنگین بوو، بۆ خویندنەوەی قووڵی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە. سەرۆک بارزانی لەم دەرفەتەدا جارێکی دیکە بە ڕاشکاوی و وەک ڕابەرێک، تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە دەستەبەرکردنی تەواوی مافە دەستوورییەکان تەنیا لە ڕێگەی دەوڵەتداری و سیستەمێکی ڕاستەقینەی دیموکراتییەوە بەدی دێت.

سەرۆک بارزانی بە دیقەتەوە دەستنیشانی هۆکارە ڕیشەییەکانی شڵەژانی دۆخی سیاسی و قەیرانە بەردەوامەکانی عێراقی کرد، کە خۆیان لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان، زاڵبوونی میزاجی تاکە کەسی و فەرامۆشکردنی بنەما سەرەکییەکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی، و سازان)دا دەبیننەوە، چونکە پەراوێزخستنی ئەم چەمکانە پایەکانی سەقامگیری لێک هەلدەتەکێنێت و وڵات بەرەو نادیاری دەبات.

لە ڕوانگەیەکی ئەمنیی وردەوە، سەرۆک بارزانی هۆشیاریی دا لە بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش. لە هەمان کاتدا، پێگەی بەهێز و ڕۆڵی کارای هەرێمی کوردستانی وەک پردێکی پەیوەندی و جەمسەرێکی سەرەکی بۆ چارەسەری کێشەکان و پاراستنی سەروەریی خاک دووپات کردەوە. بە بڕوای سەرۆک بارزانی، پشت بەستن بە توانای ناوخۆیی، یەکخستنی ڕێزەکان و پاڵپشتیکردنی ئیرادەی ڕەوای گەل، بنەمای زامنی مانەوە و سەرکەوتنە.

ئەم ڕوانگە مۆدێرنە سیاسییە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، سەرۆک "مسعود بارزانی" تەنها ناوێک نیه لە مێژووی کوردستاندا، بەڵکو ڕەمزێکە گرێدراوی خەبات، خۆڕاگری و کەرامەتە. ئەو ڕابەرێکە بەهای دەیان سال خەباتی لەسەر شان هەڵگرتووە و وەک درێژپێدەری قوتابخانەی نەتەوەیی "مەلا مصطفى بارزانی"یە ، لە ویژدانی زیندوی گەلی کوردستاندا ئامادەیی هەیە. بارزانی کەسایەتییەکی مێژووییە کە مۆركێکی قوولی بەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکەوە جێهێشتووە، لە نێوان خەباتی مەیدانی و کارامەیی سیاسی، داڕێژەری بەرگری بووە لە ماف و هۆشیاریی نەتەوەیی.

لەلای لایەنگران و هاوبیرانی، سەرۆک بارزانی وێنەی نەگۆڕیی لە هەلوێست، وەفاداری بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی و باوەڕی نەژاکاوە بەوەی کە (کەرامەتی گەلان بەخشش نییە، بەڵکو بە ئیرادە و خەبات دەپارێزرێت). لە کۆتاییشدا، سەرباری ئاڵۆزیی ئاڵەنگارییەکان، پەیامی سەرۆک پڕ لە گەشبینی، بڕوا بەخۆبوون و ئومێدە بەرامبەر بە ئاییندە و ئیرادەی نەبەزیوانەی گەلی کوردستان.

شارك هذا المقال الرقم المرجعي: #0322
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

تعليقات (0)

لا توجد تعليقات بعد