مێژووی سەدەی ڕابردووی کوردستان پڕە لە داستان و تاقیکردنەوەی سەخت، بەڵام لە هەموو قۆناغەکاندا تاکە هێزێک کە توانیویەتی وەک قەڵغانێکی پۆڵایین لە بەرامبەر نەهامەتییەکاندا ڕابوەستێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، ئەزموونی تاڵ و شیرینی گەلی کورد سەلماندوویەتی کە ئاسایش شکۆ و سەروەریی ئەم خاکە پیرۆزە هەرگیز دەریایەکی هێمن نەبووە، بەڵکو بەرهەمی فیداکاریی بێسنوور و خوێنی پێشمەرگە تێکۆشەرەکانە کە هەمیشە گیانیان خستووەتە کفنەوە، پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازی نەبووە بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی خۆشەویستیی نیشتمان و بەرگری بووە لە بوونی مرۆڤی کورد لە پێناو شکۆی نەتەوەییدا کاتێک بە وردی لە هاوکێشە سیاسییەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە دەڕوانین بۆمان دەردەکەوێت کە هاوپەیمانی و هاوکارییە دەرەکییەکان هەمیشە گۆڕاو و کاتی بوون و ناتوانن متمانەی تەواویان پێ بکرێت، ئەوەی هەمیشە نەگۆڕ و جێگیر ماوەتەوە ورەی بەرز و ئامادەیی هەمیشەیی پێشمەرگە بووە شانبەشانی سەرکردایەتییەکی لێهاتوو و وشیار، مێژووی ئێمە گەواهیدەرە کە کاتێک گەلێک پشت بە توانای ناوخۆیی خۆی ببەستێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕاهێنان لەسەر خۆڕاگری و بەرگری گشتگیر بکات ئەوا هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی بشکێنێت ئەزموونی کوردستان نیشانی دا کە متمانە بەخۆبوون و یەکڕێزی ناوخۆیی پتەوترین بناغەیە بۆ پووچەڵکردنەوەی مەترسییە گەورەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێم.
لە ماوەی ڕابردوودا و لەگەڵ هەر باسێک لەسەر دابەزاندنی ئاستی هێزەکان یان کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە و کوردستاندا هەندێک دەنگ و ڕەنگ و لایەنی سیاسی هەوڵ دەدەن دۆخەکە بە جۆرێک وێنا بکەن کە گوایە پاشەکشەی ئەم هێزانە دەبێتە سەرەتای داڕمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و نەمانی سەقامگیرییەکەی بەڵام ئەم جۆرە ڕوانینە نەک تەنها لەگەڵ حەقیقەتی مێژوودا یەک ناگرێتەوە بەڵکو نیشانەی نەزانینی بنەڕەتییە بەو ڕاستییەی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەبات و خوێنی ڕاستەقینەی گەلەکەی بنیاد نراوە نەک لەسەر بنەمای بەزەیی یان مانەوەی هەمیشەیی هێزی بیانی، ڕاستە لە قۆناغە سەختەکاندا بە تایبەت لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و هاوپەیمانان هاوکاری گرنگ و پشتیوانیی لۆجستی و ئاسمانییان پێشکەش بە پێشمەرگە کردووە و ئێمەش هەمیشە بە ڕێزەوە لەو هاوبەشی و هاوکارییە نێودەوڵەتییە دەڕوانین، بەڵام حەقیقەتی تاڵ و لە هەمان کاتدا سەربەرزانەی مێژووی ئێمە ئەوەیە کە لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەختدا ئەوە پێشمەرگە قارەمانەکان بوون کە بە سنگ و خوێنی خۆیان هێڵی پێشەوەی بەرگرییان ڕاگرتووە و نەهێشتوون یەک گەز خاک بکەوێتە دەست دوژمن ئەوانەی پێیان وایە بە کشانەوەی هێزە دەرەکییەکان کورد بێپەنا دەبێت لەبیریان چۆوە کە گەلی ئێمە دەیان ساڵە بەبێ هیچ پشتیوانێکی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر گەورەترین رژێم و دڕندەترین هێزەکاندا ڕاوەستاوە، بەڵام بۆ ساتێکیش ئیرادەی نەشکاوە ئەمڕۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی زۆر جیاواز و بەهێزتردان بەراورد بە هەر سەردەمێکی تر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەگەر لە نابێتە مایەی لاوازی بەڵکو دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ دووپاتکردنەوەی توانای سەربەخۆی بەرگری و بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکانمان هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی ئەو ڕاهێنان و ئەزموونە مەیدانییە گەورەیەی لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەدەستی هێناوە ئێستا خاوەن هێزێکی ڕێکخراو و لێهاتووە کە دەتوانێت بە تەنها پارێزگاری لە ئاسایش و سەروەریی خاکی کوردستان بکات، چونکە مێژوو سەلماندویەتی هەرگیز کەس نەیتوانیوە بە باشتر لە خۆمان بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەمان بکات لە ناو ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییەدا کاتێک باسی سەرکردایەتی و لێهاتوویی دەکرێت پێگەی جەنابی سەرۆک "مەسعود بارزانی" وەک سیمبولێکی مەزنی خەبات و بەرخودان خۆی دەبینێتەوە سەرۆک بارزانی پێش ئەوەی مەرجەعی کورد بێت پێشمەرگەیەکی دێرین و ماندوونەناسی سەخترین قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە ئەو لە سەرتاسەری تەمەنی پڕ لە بەخشندەی خۆیدا چ لە سەنگەرەکانی بەرگریی پێشمەرگایەتی و چ لە بڕیارە سیاسییە چۆکدادەرەکان بۆ دوژمنان سەلماندویەتی کە ڕێبازی بارزانی لە بنەڕەتدا لە خاکی سەنگەر و لەناو دڵی پێشمەرگەوە سەرچاوە گرتووە بوونی سەرۆک بارزانی لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدا لە هەموو وێستگە هەستیارەکاندا هێزێکی مەعنەویی بێوێنەی بە پێشمەرگە بەخشیوە و نیشانی داوە کە ڕێبەری راستەقینە ئەو کەسەیە کە هاوشانی ڕۆڵەکانی گەلەکەی گیانی خۆی بۆ خاك و نیشتمان دەبەخشێت و هەرگیز لە ئامانجە نەتەوەییەکان سڵ ناکاتەوە.
سەرکەوتنی سەربازی لە دەشت و چیاکاندا بێ بوونی دیدگایەکی سیاسیی دووربین و سەرکردایەتییەکی خاوەن بڕیاری بوێر ناتوانێت بەرهەمێکی درێژخایەنی هەبێت هاوسەنگیی نێوان ئیرادەی مەیدانیی پێشمەرگە و سیاسەتی وردی نیشتمانی توانیویەتی کەشتی هەرێمی کوردستان لە گەردەلولە مەترسیدارەکان ڕزگار بکات، ئەم تێکەڵەیەی نێوان سەرۆک بارزانی و پەیوەندییە هاوسەنگەکان بووەتە هۆی ئەوەی دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پێگەیەکی قایمتر هەبێت و هەموو پیلانگێڕییە دەرەکی و ناوخۆییەکان پووچەڵ بکرێنەوە کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خەباتی سەرۆک بارزانییە لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستمان بەوەیە ئەم ئەزموونە مێژووییە وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتوو بخوێنینەوە، پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێم پێویستی بە بەهێزترکردنی توانای بەرگری و زیاتر ڕۆشنکردنەوەی ڕۆحی نیشتمانپەروەری هەیە لە نێو گەلەکەماندا.
Koment (0)
Hêşta tu koment nînin