#0241

هاوسەرگیریی پێشوەختە

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 31 Aug 2026 · 2 min read · 61 views
هاوسەرگیریی پێشوەختە

هاوسەرگیریی پێشوەختە: هۆکارەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر کچان

مەبەست لە هاوسەرگیریی پێشوەختە، پەیوەندییەکی فەرمی یان نافەرمییە لە نێوان دوو کەسدا، کە یەکێک یان هەردووکیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت. بە پێی ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی منداڵ کە لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە:

«منداڵ کەسێکە کە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت، گەر بێت و یاساکانی وڵاتێکی دیاریکراو تەمەنی یاسایی بۆ پێگەیشتن لە تەمەنێکی بچووکتردا دیاری نەکردبێت.»

ئەم هاوسەرگیرییە کاریگەریی خراپی لەسەر ملیۆنان منداڵ هەیە لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەتی ئەو کچانەی پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە؛ واتە پێش ئەوەی لەڕووی جەستەیی، فیزيۆلۆژی و دەروونییەوە ئامادە بن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هاوسەرگیری، خێزان و بەخێوکردنی منداڵ. ئەم کچانە زۆرجار لە تەمەنی هەرزەکاریدا دووگیان دەبن.

هۆکارە ڕاستەوخۆکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە

هۆکارە ئابوورییەکان:

هەژاری و نالەباریی بارودۆخی ژیان وا لە خێزانەکان دەکات کە کچەکانیان لە تەمەنێکی زۆر زوودا بە شوو بدەن.

  • بەرژەوەندیی ماددی: بەکارهێنانی هاوسەرگیرییە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی ماددی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، وەک پێدانی بڕە پارەیەک یان سەپاندنی مارەییەکی زۆر بەسەر زاوادا یان بەسەر خێزانەکەیدا.
  • جەنگ و ئاوارەیی: جەنگ و بارودۆخی پەنابەریەتی وا دەکات هەندێک لە دایک و باوکان هەست بکەن لەو بارودۆخە قورسەدا ناتوانن چاودێریی هەموو منداڵەکانیان بکەن و بەخێویان بکەن.
  • هۆکارە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان: ئەو نەریتانەی کە هاندەری هاوسەرگیریی منداڵانن.

کاریگەرییە تەندروستییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە

بەشێکی زۆر لەو کچانەی لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری دەکەن، فشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ دووگیانبوون. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دووچاری کێشە دەبنەوە لە پێش و پاش دووگیانبووندا، هەروەسا چەندین کێشەی دیکەی تەندروستییان بەهۆی پێنەگەیشتنی گەشەی جەستەیی و فیزيۆلۆژییانەوە بۆ دروست دەبێت.

ئەم جۆرە کچانە مەترسیی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە لەبارچوونی کتوپڕ، مردنی کۆرپەکانیان و نەخۆشکەوتنیان. هەروەها دووبارەبوونەوەی دووگیانی لەم تەمەنەدا، مەترسییەکان و ئاڵۆزییە جەستەییەکان زۆر زیاتر دەکات.

زۆربەی ئەوانەی لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیرییان کردووە، بەتایبەت کچان، زانیاریی پێویستیان نییە لەسەر پرسە سێکسییەکان و منداڵ خستنەوە. هەروەها سەرچاوەی پێویستیان نییە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی سێکسی و ڕێگەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی.


لێکەوتە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان

جگە لەوەش، بە گشتی ئەو کچانەی لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیرییان کردووە، زیاتر ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی، جەستەیی و توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە؛ ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستیی دەروونی، جەستەیی و ژیانیان دروست دەکات.

Share this article Reference number: #0241
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

comments (0)

No comments yet