#0375

ڕابردوو ئێستا و ئایندەی بنەماڵەی سەبەرزی بارزانی پێویستی بە زیرەکی دەستکرد نییە

Kurd Diaspora Kurd Diaspora 19 Oct 2026 · 2 min read · 18 views
ڕابردوو ئێستا و ئایندەی بنەماڵەی سەبەرزی بارزانی پێویستی بە زیرەکی دەستکرد نییە

لە جیهانی ئەمڕۆی سۆشیال میدیا و پێشکەوتنی خێرای تەکنۆلۆژیادا بەتایبەت بڵاوبوونەوەی خێرای ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد AI گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە چۆنیەتی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکدا دروست بووە بێگومان لای هەموومان ئاشکرایە کە چینی گەنج و دڵسۆزان بە هەستی پاک و سۆزێکی بێسنوورەوە سەیری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و بنەماڵە سەربەرزەکەی دەکەن ئەم خۆشەویستییە قووڵە هەمیشە وەک سەرچاوەی وزە تێکۆشان و بەردەوامی بووە و لە ناخێکی پاکەوە سەرچاوە دەگرێت.


بەڵام لەگەڵ ئەم هەستە جوانەدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی پێویستە بوەستین لەسەر دیاردەیەک کە ئێستا لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا سەری هەڵداوە ئەویش دروستکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی دەستکرد و دەستکاریکراوی ئەندامانی بنەماڵەی سەربەرزی بارزانییە.

بێگومان ئێمە دەزانین و باوەڕی تەواومان هەیە کە ئامانجی زۆربەی ئەو بەڕێزانەی ئەم کارە دەکەن تەنها دەربڕینی ڕێز پێزانین و خۆشەویستییەکی زۆرە بۆ ئەم بنەماڵە سەربەرزە و هیچ مەبەستێکی لاوەکییان لە پشتەوە نییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ڕێگەیەی بۆ دەربڕینی سۆز هەڵبژێردراوە خزمەت بەو ئامانجە پیرۆزە دەکات؟


وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوونە بنەماڵەی سەربەرزی بارزانی پێوویستی بە زیرەکی دەستکرد و فلتەر نییە ڕابردوو ئێستا و ئایندەیان هێندە پاک بێگەرد و پڕ لە سەروەرییە کە چ پێویست دەکات پەنا ببڕێتە بەر وێنە و ڤیدیۆی دەستکرد ڕابردوو ئێستا و ئایندەی ئەوان وەک خۆی بێ هیچ دەستکاری و فلتەرێک بڵاو بکەنەوە چونکە بە تەواوی جێگەی شانازیی تەواوی گەلی کوردستانە و هەمیشە جوانترین و ڕاستترین وێنەن، مێژووی بنەماڵەی سەربەرزی بارزانی مێژوویەکی زێڕین و پرشنگدارە کە لە شاخ و شار لە سەختترین تاقیکردنەوەکاندا بە خەبات ماندووبوون و خوێن نووسراوەتەوە ئەم مێژووە مەزنە هیچ پێویستییەکی بەڕووکەشی دەستکرد وێنەی دروستکراو و فەنتازیای تەکنەلۆژی نییە بەڵکو گەورەیی و شکۆی ئەوان هەمیشە لە ڕاستەقینەیی، خاکەڕایی و ڕەسەنایەتیی خۆیاندا خۆی دەبینێتەوە کاتێک وێنەکەیان بە شێوازێکی دەستکرد دەگۆڕدرێت یان دروست دەکرێت لە ڕاستیدا لە جوانی و شکۆی واقیعیی ئەو ڕاستییە دەدزێت کە بە عەرەقەی ناوچەوان و قوربانیدانی ڕاستەقینە تۆمار کراوە.


لێرەوە وەک پەیامێکی براکانە و پڕ لە ڕێز داوا لە سەرجەم دڵسۆزانەی ئەو ڕێبازە و بەڕێوەبەری پەیج و سەرجەم خەمخۆرانی ئازیز دەکەین کە خۆیان بەدوور بگرن لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە وێنە و ڤیدیۆیەکی دەستکرد یان بە واقیع کە پەیوەندی بە بنەماڵەی سەربەرزی بارزانییەوە هەیە، با لە جێگەی ئەوە هێز و توانای خۆمان بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە بەڵگەنامە وتار و مێژووی ڕاستەقینە تەرخان بکەین، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خەبات و پێگەی ئەم ڕێبازەن پاراستنی ڕەسەنایەتی ئەركێکی سەرەکیی هەموو ئەو دڵسۆزانەیە کە خۆیان بە خەمخۆری ئەم ڕێبازە دەزانن.

با هەموومان پێکەوە پاسەوانی ڕەسەنایەتیی مێژووی پاکی ئەو بنەماڵە سەربەزە بین و بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تەکنۆلۆژیا نوێیەکان بکەین بە جۆرێک کە هەمیشە جوانترین پاکترین و ڕاستترین وێنەی سەرکردە و پێگەکانمان بە نەوەکان بگەینین با ڕێگە نەدەین سۆزی پاکمان لە لایەن هەندێک ئامرازی نافەرمی و ناڕاستەوە ئاراستەی هەڵە بكرێت

هەمیشە سەرکەوتوو و سەربەرز بن لە خزمەتکردن بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی.

Share this article Reference number: #0375
 X Facebook LinkedIn WhatsApp Telegram Reddit Pinterest Email

comments (0)

No comments yet